سەدر داوا لە گروپە چەكدارەكان دەكات لە شارەكان دووربكەونەوە
ئاکام
٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٤٦
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر داوا لە گروپە چەكدارەكان دەكات لە شارەكان دووربكەونەوە و وێنەی ئەو و بنەماڵەكەی لە بارەگا و شوێنە گشتیەكان دابگیرێت.
موقتەدا سەدر رێبەڕی رەوتی سەدر، چوار فەرمانی بۆ هێزەكانی سەرایا سەلامی باڵی سەربازی رەوتەكەی لەناو حەشدی شەعبی دەكرد و دەڵێت، بارەگا سەربازی و كارگێڕییەكانتان لە شارەكان دووربخەنەوە و هەر سەركردەیەك لە پێنج ئۆتۆمبێل زیاتر بەكارنەهێنێت بۆ هاتوچۆكردن.
دەشڵێت، دەستبەجێ وێنەی كەسایەتییەكانی بنەماڵەی سەدر لەسەر بارەگاكان دابگرن و تەنها لە ناو ژوور و راڕەوەكاندا هەڵبواسرێن و ئاڵای عیراق لە سەرووی ئاڵای سەرایا سەلامەوە هەڵبكەن.
ئەو هەڵوێستەی سەدر دوای نامەكەی هەفتەی رابردووی ئیسرائیل دێت، كە لە رێگەی ئەمریكاوە ئاڕاستەی عیراقی كردبوو وەكو دوایین هۆشداری بۆ ئەوەی گروپە چەكدارەكان هێرشەكانیان بۆ سەر تەلئەبیب رابگرن.