بەریتانیا سزای نوێی بەسەر دوو كۆمپانیای ئێرانیدا سەپاند
یەحیا
١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٢١
حكومەتی بەریتانیا سزای نوێی بەسەر دوو كۆمپانیای ئێرانیدا سەپاند، بەهۆی هاوكاریكردنی روسیا لە جەنگی ئۆكراین.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، سزای بەسەر هێڵی ئاسمانی ئێرانی و كۆمپانیای كەشتیوانی ئێران و كەشتییەك سەپاندووە بەتۆمەتی پاڵپشتیكردنی روسیا لە شەڕی دژ بە ئۆكراینادا.
وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، سەپاندنی سزاكە لە وەڵامی گواستنەوەی مووشەكی بالیستیكی ئێرانە بۆ روسیا.
هەروەها ئەوەشهاتووە، سامانی ئەو دوو كۆمپانیا ئێرانییە لە دەرەوە بلۆككراوە، بەهۆی ئەوەی ڕۆڵیان بینیوە لە دابینكردنی چەك بۆ روسیا.
هاوكات دەیڤید لامی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا وتی، هەوڵەكانی ئێران بۆ تێكدانی ئاسایشی جیهانی مەترسیدارە و قبوڵناكرێت، داواش لە ئێران دەكات پشتیوانی خۆی لە شەڕی نایاسایی ڕوسیا لە دژی ئۆكراین رابگرێت.
هێما بۆ ئەوەشكراوە، سزای بەسەر كەشتییەكی بارهەڵگری روسیاشدا سەپاندووە كە ناوی پۆرت ئۆلیا-سێیە، بەهۆی ئەوەی پێداویستییە سەربازییەكانی بۆ روسیا گواستووەتەوە.