سەرۆكی ئەمریكا  گڵۆپی سەوزی بۆ ئۆكراین هەڵكرد بۆ بە كارهێنانی موشەكی دوور مەودا و پێكانی ئامانج لە قوڵایی خاكی روسیا، روسیاش دەڵێت ئەو هەنگاوە رێگا خۆشكەردەبێت بۆ هەڵگیرساندنی جەنگی سێیەمی جیهانی.

پێگەی ئەكسیۆس لە زاری بەرپرسانی ئەمریكاوە بڵاویكردووەتەوە، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا سێ رۆژ لەمەوبەر سەرۆكی ئۆكراینی ئاگاداركردتەوە، كە وڵاتەكەی رێگایان پێدەدات بۆ بەكارهێنانی موشەكی دوور مەودا لە قوڵای روسیادا ، وتیشی، پاڵنەڕی ئەو بڕیارەی ئەمریكا ئاگاداركردنەوەیە بۆ كۆریای باكور تا هێزی زیاتر رەوانەی روسیا نەكات بۆ بەشداریكردن لە جەنگی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئۆكراین.

ئەو بەرپرسانی ئەمەریكا ئاماژەیان بەوەشكردوە، ئەگەر هێزەكانی كۆریای باكور لە كورسك بكرێنە ئامانج، ڕەنگە پیۆنگ یانگ پێداچوونەوە بە بڕیارەكەیدا بكات بۆ ناردنی هێزی زیاتر بۆ روسیا و بەم شێوەیەش شكست بە هێرشەكانی روسیا دەهێنرێت بۆ ئۆكراین.

لەبەرانبەردا لیۆنید سلۆتسكی سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوە لە دۆمای دەوڵەتی روسیا، ڕایگەیاند، ئەو بڕیارەی ئەمریكا ئاڵوزی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت و رێگا خۆشكەردەبێت بۆ هەڵگیرساندنی جەنگی سێیەمی جیهانی.