روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند، لەمساڵدا ٥٢ هاوڵاتی مەدەنی لە زیندانەكانی رژێمی سوریا لەژێر ئەشكەنجەدا گیانیان لەدەستداوە.


روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، رژێمی سوریا بەردەوامە لە ئەنجامدانی تاوان بەرامبەر زیندانی ئەو ناوچانەی لە ژێر كۆنترۆڵی رژێمدایە، ئەویش بە پشتگوێخستنی دۆخی تەندروستی و دەروونیان.


ئەوەشی خستەڕو، لەمساڵدا ٥٢ هاوڵاتی مەدەنی لە زیندانەكانی رژێمی سوریا لەژێر ئەشكەنجەدا گیانیان لەدەستداوە، دوای ئەوەی بە توندترین شێوە و پێچەوانەی یاسا مرۆییەكان ئەشكەنجەدراون، لەنێویشیاندا چالاكوانی سیاسی و خوێندكاری زانكۆ و نووسەر و ئەندازیار بوونیان هەیە.


روانگەی سوری راشیگەیاندووە، كاردەكەن بۆ دەستنیشانكردن و ئاشكراكردنی بارودۆخی زیندانەكانی رژێمی سوریا بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، تاكو لەسەر ئاستی باڵا فشاربكرێت بۆ سزادانی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە.