ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆكی پارتی ئایندە لە توركیا رایگەیاند، بەرپرسیارێتی مێژوویی توركیایە بەهێزترین پەیوەندی لەگەڵ كوردەكانی سوریا و عیراق دروستبكات.


ئەحمەد تورك هاوسەرۆكی گەورە شارەوانی مێردین، كە قەیووم لە جێگەی دانراوە، لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆكی گشتیی پارتی ئاییندە كۆبونەوە، هەردولا جەختیان لەوەكردەوە، نابێت پردەكانی پەیوەندیی زیانیان پێبگات.


ئەحمەد تورك لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا بیروڕای خۆیان سەبارەت بە داهاتوویەكی دیموكراتی خستووەتەڕوو، هەمووان پێویستیان بە ماندووبوون هەیە بۆ ئاشتی و ئایندەیەكی دیموكراسی.


لای خۆیەوە، ئەحمەد داودئۆغڵو ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، بەرپرسیارێتی مێژوویی توركیایە بەهێزترین پەیوەندی لەگەڵ كوردەكانی سوریا و عیراق دروستبكات.


وتیشی، ئەگەر ئاشتی هەبێت، دەبێت لەسەر دوو بابەت ڕێكبكەون، یەكەمیان؛ دیموكراسییەكی تەواو بۆ هەمووان. دووەم؛ سازشنەكردن لەسەر سیستمی گشتی. تا ئەو كاتەی ئەوە ڕوونەدات، هیچ پرۆسەیەك ناتوانێت بەردەوام بێت.