لێپرسراوێكی باڵای ئێران دەڵێت بەهیچ شێوەیەك وڵاتەكەی دەستبەرداری حزبوڵای لوبنان نابێت و بەردەوامیش دەبێت لە هاوكاری و پشتیوانیكردنی لە هەموو بوارێكدا.


عەلی لاریجانی راوێژكاری رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە سەردانێكیدا بۆ بەیروت و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەر و سەرۆكی پەرلەرمانی لوبنان رایگەیاند، هێرش و بۆردومانەكانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان و كەرتی غەززە پێچەوانەی سەرجەم یاسا نێودەوڵەتییەكانەو پابەند نەبوونە بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و تاوانێكی گەورەشە بەرامبەر خەڵكی مەدەنی لە كەرتی غەززە و ناوچەكانی باشووری لوبنان.


وتیشی، هەڵوێستی ئێران لە بەرامبەر حزبوڵای لوبنان لە رابردوو و ئێستا و داهاتووشدا روون و ئاشكرایە و بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی كردووە و بەردەوامیش دەبێت لەو هاوكاریكردنە لە هەموو روویەكەوە و بەهیچ شێوەیەك و لە هیچ قۆناغێكیشدا ئێران دەستبەرداری حزبوڵا نابێت.