لێپرسراوانی ئیسرائیل دەڵێن لە هێرشەكانیان بۆسەر ئێران ئەو پێداویستی و كەرەستانەیان لەناوبردووە كە ئەو وڵاتە بۆ گەشەپێدانی چەكی ئەتۆمی پێویستی پێیانە.


ماڵپەری ئەكسیۆسی ئەمریكی لە زاری دوو لێپرسراوی باڵای ئیسرائیلیەوە بڵاویكردووەتەوە، بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكانیان ئەو بەڵگانەی دەستیان كەوتووە، هێرش و بۆردومانەكانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران هەرچەندە زیانێكی گیانی زۆری بەو وڵاتە نەگەیاندووە، زیانی گەورەی بە ژێرخانی سەربازیی ئێران گەیاندووە، بەڵام تاران ئامادە نییە هیچ زانیارییەك لەبارەی ئەو زیانە گەورانە ئاشكرا بكات و بۆ رایگشتی جیهانی بخاتەڕوو.


راشیانگەیاندووە، یەكێك لەو شوێنانەی لە ئەنجامی هێرشەكانی ئیسرائیلدا زیانی گەورەی بەركەوتووە، كۆمەڵگەی بارشینی ئەتۆمییە كە یەكێكە لەناوەندە گرنگ و هەستیارە ئەتۆمییەكانی ئێران و زۆربەی ئەو كەرەستانەش كە ئەو وڵاتە پێویستی پێیانە بۆ گەشەپێدانی چەكی ئەتۆمی لەناو ئەو كۆمەڵگە ئەتۆمییە لەناوبراوان.