سەرۆك كۆماری ئێران رایدەگەیەنێت، پێویستە پەیوەندییەكانیان لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی رێكبخەنەوە و گرژییەكان لەگەڵ ئەمریكا كەمبكەنەوە.

مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران لە دیدارێكدا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی پێشووی ئێران رایگەیاند، لە تەمەنی كەمی حكومەتی نوێی ئێراندا، هەموو هەوڵێكیان خستووەتەگەڕ بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئێران، دەرئەنجام لەئێستادا پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەیە و توانیویانە بگەنە چەندین رێككەوتن و لێكتێگەیشتن لەگەڵیاندا.

ئەوەشی خستەڕوو، لەكاتێكدا ئیسرائیل هەوڵی پەكخستن و ئاڵۆزكردنی پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا دەدات، دەبێت پەیوەندییەكانیان لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی رێكبخەنەوە، بەتایبەتی پێویستە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەمریكادا باشتربكەن و گرژییەكان كەمكەنەوە.

هاوكات، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری تۆڕی ئێكس بڵاویكردووەتەوە، قۆناغی یەكەمی "زۆرترین فشار"ی ئەمریكا بۆ سەر ئێران شكستی هێنا، هەوڵدانیش بۆ قۆناغی دووەم هەمان چارەنووسی دەبێت، لەجێگەی ئەوە پێویستە ئەمریكا پەنا بۆ "زۆرترین هۆشیاری" ببات، كە لە بەرژەوەندی هەموو لایەكە.