دوای سەرکەوتنەکەی ترەمپ ژنانی ئەمریکا داوای بایکۆتکردنی پیاوان دەکەن
٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
١١٨
لەبەرانبەر سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، بزوتنەوەیەکی تووندڕەوی فیمێنیستی لە ئەمریکا داوا دەکات ژنان بە هەموو شێوەیەک بایکۆتی 'پیاوان' بکەن.
سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ، کانیدی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، ترس و دڵەڕاوکێی لەلای ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنانی وڵاتەکە دروستکردووە و چالاکەوانانی مافەکانی ژنان پێیان وایە، دوای شکستی کامالا هاریس و سیاسەتەکانی ترەمپ، ئایندەی ژن مەترسی لەسەرە و ئێستا کاتی ئەوەیە سزای پیاوان بدرێت.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، ژنانی ئەمریکا هەوڵی ئەوە دەدەن ئەزموونی بزوتنەوەی "4B"ی کۆریای باشوور بهێننە وڵاتەکەوە.
ئاماژە بەوەش کراوە؛ لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی ئەمریکا داوای جیابوونەوە لە هاوسەرەکانیان دەکەن، بەهۆی ئەوەی پشتگیریی لە سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ و حزبەکەی دەکەن.
چەند رۆژێکە ژنانی ئەمریکا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە هەمووان لەژێر چەتری ئایدۆلۆجیی بزوتنەوەی "4B" کۆببنەوە، تەنانەت لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، لە ماوەی ٤٨ سەعاتدا ٢٠ ملیۆن جار بینراوە و نزیکەی ٥٠٠ هەزار لایکی بۆهاتووە.
بزوتنەوەی "4B" لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٠ لە کۆریای باشوور سەریهەڵدا، کە بزوتنەوەیەکی تووندڕەوی ژنانە و داوا دەکات لە بەرانبەر بەدەستهێنان مافەکانیاندا، پێویستە ژنان بایکۆتی پیاوان بکەن و بەهیچ شێوەیەک لەگەڵیاندا پەیوەندیی خۆشەویستی و هاوسەرگیری نەبەستن.