وۆڵ ستریت جۆرناڵ: دوای هەڵبژاردنی ئەمریکا ئێران هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل
٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
١٨٤
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، لە زاری بەرپرسانی ئێرانی و چەند وڵاتێکی عەرەبییەوە ئاشکرای کردووە، تاران هۆشداریداوە لەوەی هێرشێکی چڕ و ئاڵۆز بکاتە سەر تەلئەبیب و بۆ ئەو مەبەستەش بەنیازە خاکی عیراق بەکاربهێنێت.
بەپێی راپۆرتی رۆژنامە ئەمریکییەکە، وەڵامی ئەمجارەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بە چەکی بەهێزتر دەبێت و رەنگە دامەزراوە سەربازییەکان توندتر لە جاری پێشوو بکاتە ئامانج، هەروەها لەبارەی وادەی هێرشەکەوە، وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسێکی ئێرانییەوە بڵاوی کردووەتەوە، هێرشەکە دوای تەواوبوونی رۆژی دەنگدانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دەبێت، بەڵام پێش دەستبەکاربوونی سەرۆکە نوێیەکە.
ئاماژە بەوەش کراوە؛ ئێران بە دیپلۆماتکاری چەند وڵاتێکی عەرەبی راگەیاندووە، کە سوپای ئێران بەشداری لە هێرشەکەدا دەکات، چونکە چوار سەرباز و کەسێکی مەدەنی لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا گیانیان لەدەستداوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، تێوەگلانی سوپای ئاسایی ئێران مانای بڵاوەپێکردنی هێزەکانی نییە لە ناو خاکی ئیسرائیلدا، بەڵام سوپای پاسداران کە هەمیشە چاودێریی کاروباری ئاسایشی ئیسرائیلدا دەکات، لە ئەگەری هێرشەکەدا بە تەنیا مامەڵە ناکات، کاربەدەستێکی میسری لەوبارەیەوە رایگەیاند، ئێران بە تایبەتی هۆشداریداوە لە وەڵامدانەوەیەکی "بەهێز و ئاڵۆزی ئیسرائیل".
کاربەدەستێکی ئێرانی بە وۆڵ ستریت جۆرناڵی راگەیاند،"سوپاکەمان ئەندامی لەدەستداوە، بۆیە پێویستە وەڵام بدەینەوە"، وتیشی، ئێران دەتوانێت خاکی عیراق بۆ بەشێک لە ئۆپەراسیۆنەکە بەکار بهێنێت و ئەگەری هەیە دامەزراوە سەربازییەکانی ئیسرائیل بکاتە ئامانج، بەڵام توندتر لە جاری پێشوو.
رۆژی هەینی یەکێک لە جەنەڕاڵە باڵاکانی ئێران هەڕەشەی "وەڵامێکی بەهێز و تووند"ی کرد، لە کاتێکدا عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی شەممە هۆشداریدا لە وەڵامێکی"ددان شکێن"، هاوکات "مەسعود پزیشکیان" سەرۆکی ئێران وتی، وڵاتەکەی بۆ هێرشی ئیسرائیل بێ وەڵام نابێت.
پزیشکیان، وتیشی ئێران هێشتا گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی وەڵامدانەوە دەکات، بەجۆرێک ئەگەر هێرشی سەرغەززە و لوبنان رابگیرێت لەوانەیە جۆر و چڕی هێرشەکەمان بگۆڕێت.