پزیشكیان: راگرتنی شەڕ كاریگەری دەبێت لەسەر وەڵامدانەوەی هێرشەكانی ئیسرائیل
هەژار
٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٥٩
سەرۆك كۆماری ئێران دەڵێت ئەگەری راگرتنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و هاوپەیمانەكانی وڵاتەكەی كاریگەری گەورەی لەسەر وەڵامدانەوەی هێرشەكانی ئەو وڵاتە دەبێت.
ئاژانسی ئیرنا لە زاری مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێرانەوە بڵاویكردووەتەوە، ئەگەر دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بە سیاسەت و هەڵسوكەوتیاندا بچنەوە و شەڕ و هێرشەكان رابگرن و دەستهەڵبگرن لە سیاسەتی ستەمكردن و كوشتنی خەڵكی بێتاوان، كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر شێواز و چۆنێتی وەڵامدانەوەی ئێران لە بەرامبەر هێرش و بۆردومانەكانی ئیسرائیل.
وتیشی، ئێران وڵاتێكی خاوەن سەروەری و تایبەتمەندی خۆیەتی و لە هیچ دوژمنێكی قبوڵ ناكات ئەو سەروەری و تایبەتمەندییە پێشیڵ بكات و هیچ هێرش و پەماردانێكی ئێرانیش بەبێ وەڵامدانەوە تێناپەڕێت.