ئەمریكا چەك و كەرستەی سەربازی زیاتر رەوانەی سەربازگەكانی لە رۆژئاوای كوردستان دەكات
لاوان
٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٦٤
ئەمریكا چەك و كەرەستەی سەربازی زیاتری رەوانەی سەربازگەكانی كرد لە رۆژئاوای كوردستان، بە تایبەتی ئەو سەربازگانەی لە چەند هەفتەی رابردوودا، لەلایەن گروپە چەكدارەكانی بەرەی مقاوەمە كراونەتە ئامانج.
روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ بڵاویكردەوە، لە درێژەی پەرەسەندنی گرژییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریكا بە رێگەی ئاسمانی و زەمینی چەك و كەرستەی سەربازی زیاتری رەوانەی سەربازگەكانی كردووە، لە رۆژئاوای كوردستان، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هێرشێكی گروپە چەكدارەكان.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بە رێگەی ئاسمانی زۆرینەی چەك و كەرستە سەربازییەكان بۆ بنكە سەربازییەكەی ئەمریكا لە پارێزگای حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان گواستراوەتەوە، هاوكات بە رێگەی زەمینی زیاتر لە ٣٠ بارهەڵگر چەك و كەرستەی سەربازی گەیەندراوەتە سەربازگەكانی كێڵگەی نەوتی عومەر و كێڵگەی غازی كۆنیكۆ.
روانگەی سوری ئاماژەی بەوەشداوە، بەشێكی زۆر لە هاوكارییە سەربازییەكانی ئەمریكا، ئەو سەربازگانەی گرتووەتەوە لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، لەلایەن گروپە چەكدارەكانی بەرەی مقاومە كراونەتە ئامانج.