ئێران هەواڵی داخستنی ئاسمانی وڵاتەكەی رەتدەكاتەوە
هەژار
٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٥٤
ئێران رەتیدەكاتەوە وەك ئامادەكارییەك بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل، بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان و داخستنی ئاسمانی وڵاتەكەی رەوانەی فڕۆكەخانەكان كردبێت.
جەعفەر یازرلو وتەبێژی رێكخراوی فڕۆكەوانی مەدەنی ئێران رایگەیاند، ژمارەیەك لە میدیا عەرەبی و جیهانییەكان هەواڵێكیان بڵاوكردووەتەوە كە لە رۆژی یەك شەممەوە تا رۆژی سێ شەممە سەرجەم گەشتە ئاسمانیانی ئێران رادەگیرێن و ئاسمانی ئێرانیش بە رووی هەموو كۆمپانیا فڕۆكەوانییە نێودەوڵەتییەكان دادەخرێت وەك ئامادەكارییەكی ئێران بە مەبەستی هێرشكردنەسەر ئیسرائیل، بەڵام سەرجەمی ئەو زانیارییانە دوورسن لە راستییەوە و تائێستا هیچ بڕیارێكی لەو جۆرەیان بەدەست نەگەیشتووە.
وتیشی، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە و بەدواداچوونی زیاتر، پەیوەندییان بە لایەنە پەیوەندیدارە سەربازییەكان و سەرۆكایەتی ئەركانی گشتی هێزە چەكدارەكانی ئێرانەوە كردووە و پێیان وتراوە كە ئەو زانیارییە دوورە لە راستییەوە و هیچ بڕیارێكی لەو جۆرە بوونی نییە.