بەهۆی بەكارهێنانی دەرمانێكەوە ٧٠ کەس لە ئێران گیانیانلەدەستدا
کوردسات نیوز
٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
١٧٤
دەستەی تەندروستی پەرلەمانی ئێران ئاشكرایدەكات بەهۆی دەرمانی ژەهراوییە ٧٠ نەخۆشی وڵاتەكە گیانیانلەدەستداوە كە شتنی گورچیلەیان بۆ كراوە.
سەلمان ئیسحاقی، وتەبێژی دەستەی تەندروستیی لە پەرلەمانی ئێران بە میدیا وڵاتەكەی راگەیاندوە، بەهۆی بەكارهێنانی دەرمانێكی ژەهراویی بۆ ئەو نەخۆشانەی شتنی گورچیلەیان بۆ كراوە ١٢ نەخۆش لە ئەسفەهان و مەشهەد گیانیان لەدەستداوە و سەرەڕای ئەوەش بەكارهێنانی ئەو دەرمانە رانەگیراوە كە بۆ پرۆسەكە بەكارهێنراوە.
بە وتەی ئیسحاقی، بەكارهێنانی ئەو دەرمانە ژەهراویە لە ماوەی دوو مانگدا بوەتە هۆی مەرگی ٧٠ نەخۆش لە سەرتاسەری ئێران و دوای ئاشكرابونیشی ئەو كۆمپانیایەی دەرمانەكەی دروست كردوە، سزا نەدراوە.
رۆژنامەی هەم-میهەنی ئێرانی بڵاویكردوەتەوە؛ سزا نێودەوڵەتییەكانی سەر ئێران بوەتە هۆی گرانبونی دەرمانی هاوردەكراو، ئەوەش وایكردوە ژمارەیەك كۆمپانیای ناوخۆی وڵاتەكە دەست بە بەرهەمهێنانی دەرمانی بێكوالێتی و خراپ بكەن و نەخۆش ببنە قوربانی.