لە واشنتۆن هێزێكی تایبەت بۆ رێگرتن لە دروستبوونی توندوتیژی جێگیركراوە
هەژار
٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٣٢
لە واشنتۆن بەهۆی مەترسی درووستبوونی توندوتیژی و ئاڵۆزی لە رۆژی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا، ژمارەیەكی زۆری ئەندامانی هێزێكی تایبەت لەو شارە جێگیركراون.
جای ئینسڵی حاكمی ویلایەتی واشنتۆن بە ئاژانسی رۆیتەرزی رایگەیاندووە، لەسەر بنەمای زانیارییە هەواڵگرییەكان و بەپێی چەند بەڵگە و زانیارییەك، هەندێك گرووپی جیاجیا بە نیازن لە رۆژی دەنگداندا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا كە پێنجی ئەم مانگەیە، لە ژێر ناوی چالاكی و ئازادی رادەربڕین كردەوەی توندوتیژی ئەنجام بدەن و ئاڵۆزی دروست بكەن بە مەبەستی تێكدانی كەشی دەنگدان و رێگرتن لە دەنگدەران.
وتیشی، بۆ رێگرتن لەو گرووپە تێكدەرانە ژمارەیەكی زۆری هێزەكانی پاسەوانی نەتەوەیی كە هێزێكی تایبەتی ئەمریكان، لە سەرجەم ناوچەكانی واشنتۆن جێگیركراون و فەرمانی دەستگیركردنی هەموو ئەو كەسانەیان وەرگرتووە كە بیانەوێت كاری تێكدەری و توندوتیژی ئەنجام بدەن لە رۆژی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەمریكا.