ئەمریكا داوا لە چین دەكات فشار لەسەر كۆریای باكور و روسیا دروستبكات
هەژار
١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٤٥
ئەمریكا داوا لە چین دەكات هەژموونی خۆی بۆ فشارخستنەسەر كۆریای باكور و روسیا بەكاربهێنێت لە پێناو رێگرتن لە زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەكان و تائێستاش چین وەڵامی نەداوەتەوە.
میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردووەتەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا سێ گەورە دیبلۆماتكاری ئەمریكا لەگەڵ باڵیۆزی چین لە واشنتۆن كۆبوونەتەوە و مەترسییەكانی ئەمریكایان پێڕاگەیاندووە كە ئاگادارن كۆریای باكوور هەزاران سەربازی رەوانەی روسیا كردووە بۆئەوەی بەشداری لە شەڕی دژ بە ئۆكراین بكەن بۆئەوەش داوایانكردووە چین هەژموون و پەیوەندییەكانی بەكاربهێنێت بۆ فشارخستنەسەر كۆریای باكوور و روسیا لە پێناو رێگرتن لە زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەكان.
لیۆ بینجیۆ وتەبێژی باڵیۆزخانی چین لە واشنتۆن رایگەیاندووە، هەڵوێستی وڵاتەكەی لە بەرامبەر شەڕی ئۆكراین روون و ئاشكرایە و لەسەرەتاشەوە تائێستا هەوڵی چارەسەركردنی داوە بە گفتوگۆ، وتیشی، داواكارییەكەی ئەمریكا ئاراستەی سەركردایەتی وڵاتەكەی كراوە، بەڵام تائێستا هیچ وەڵامێك نەدراوەتەوە.