وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، لە بەرانبەر لەسێدارەدانی هاوڵاتیەكی ئەڵمانی لە ئێران سەرجەم كونسوڵخانەكانی ئەو وڵاتەیان داخستووە.

 
ئەنالینا بایربۆك وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەڵمانیا سەرجەم كونسوڵخانەكانی ئێرانی لە وڵاتەكەی داخست و لەگەڵ یەكێتی ئەوروپاش تاوتوێی سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا دەكەن.


دەشڵێت، پێشتر و چەند جارێك هۆشداریان بە تاران داوە كە لە سێدارەدانی هاوڵاتییە ئەڵمانیەكە دەرەنجامی ترسناكی دەبێت و ئیدانەی هەڵسوكەوتی ئێرانیش دەكات كە بە سیاسیانە مامەڵە لەگەڵ بارمتەكان دەكات و لەسێدارەدانی هاوڵاتیە ئەڵمانیەكەی وەكو چەكێك دژی پاڵپشتی ئەڵمانیا بۆ ئیسرائیل و فرۆشتنی چەك بەكارهێناوە. 


رۆژی ٢٩ی ئەم مانگە بە تۆمەتی سیخوڕیكردن، ئێران لە سێدارەدانی جەمشید شەرمەهدی زیندانیی سیاسی  راگەیاند كە هەڵگری هەردو رەگەزنامەی ئێرانی و ئەڵمانی بوو.