سەرۆکی ئێران رایگەیاند، ئەوان بە دوای شەڕدا ناگەڕێن، بەڵام وەڵامی گونجاوی ئیسرائیل دەدەنەوە.


مەسعود پزیشکیان سەرۆکی ئێران لە میانی کۆبونەوەی کابینەی حکومەتدا رایگەیاند، ئەوان خوازیاری شەڕ نین، بەڵام بەرگری لە مافی وڵاتەکەیان دەکەنەوە و بەشێوەیەکی گونجاو وەڵامی ئیسرائیل دەدەنەوە. 


وتیشی، لە ماوەی ٤٥ ساڵی رابردوودا گەلی ئێران سەلماندویەتی کە ھیچ کاتێک لە بەرەنگاربوونەوەی دوژمندا شکستیان نەھێناوە. 


ھاوکات، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ھێرشەکەی ئیسرائیل پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتی و سەروەری وڵاتە و ئێران مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات.


بەرەبەیانی رۆژی شەممە، سوپای ئیسرائیل بە زیاتر لە ١٠٠ فرۆکە و درۆن و موشەک ھێرشی کردە سەر ئێران، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ھێرشەکەی ئێران بۆسەر تەلئەبیب.