لەسەر داوای ئێران، سبەینێ ئەنجومەنی ئاسایش کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجامدەدات بۆ تاوتوێکردنی دوایین ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.


ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، لەسەر داوای ئێران، سبەینێ دووشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجامدەدات بۆ تاوتوێکردنی دوایین ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.


ئەوەش لەدوای ئەوەدێت، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە نامەیەکدا، داوای لە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان کردبوو، کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایش ئەنجامبدرێت، بۆ تاوتوێکردنی ھێرشەکەی رۆژی شەممەی رابردووی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.


عراقچی لە نامەکەیدا داوایکردبوو، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئیدانەی ھێرشەکەی ئیسرائیل بکات، کە پێشێلکردنی بنەما سەرەکییەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، جەختیلەوەشکردبووەوە، ئێران مافی خۆیەتی وەڵامی ھێرشەکەی ئیسرائیل بداتەوە.