خەرجی شەڕ لە غەززە و لوبنان بۆ هەر رۆژێك زیاتر لە ١٣٥ ملیۆن دۆلار لەسەر ئیسرائیل دەكەوێت
هەژار
٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤
٣٦
شەڕی غەززە و لوبنان لە رووی ئابوورییەوە زیانێكی زۆری بە ئیسرائیل گەیاندووە و رۆژانە خەرجی جەنگ زیاتر لە ١٣٥ ملیۆن دۆلار لەسەر ئەو وڵاتە دەكەوێت.
سەرچاوەیەكی باڵای سەربازیی ئیسرائیل بە میدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاندووە، خەرجی ئۆپراسیۆنە تایبەتەكەی سوپای ئیسرائیل بۆ كوشتنی حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی پێشووی حزبوڵای لوبنان شەش ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دۆلار بووە و خرجی ئۆپراسیۆنی كوشتنی هاشم سەفیەدین كە دیاریكرابوو بۆ جێگرەوەی نەسروڵا پێنج ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار بووە، واتە خەرجی تایبەت تەنها بەو دوو ئۆپراسیۆنە ١٢ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دۆلار بووە.
وتیشی، پێش ئەوەی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر ناوچەكانی باشووری لوبنان دەستپێبكات، خەرجی هێرشەكان لە كەرتی غەززە و كەناری خۆرئاوا رۆژانە ١٠٨ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دۆلار بووە، بەڵام دوای دەستپێكردنی هێرشەكان لەئێستا خەرجی جەنگ لە یەك رۆژدا زیاتر لە ١٣٥ ملیۆن دۆلار لەسەر ئیسرائیل دەكەوێت و ئەوەش لە رووی ئابوورییەوە زیانێكی زۆری بە تەلئەبیب گەیاندووە.