سەرۆک وەزیرانی لوبنان داوا لە ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات فشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی دەستبەجێ جەنگ لە دژی وڵاتەکەی رابگرێت.

نەجیب میقاتی لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، ھەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ وەستاندنی جەنگ و بۆردومانکردنی ھاوڵاتیانی مەدەنی و لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا تاوتوێی ئەو بابەتەیان کردووە.

دەشڵێت، پابەندن بە بڕیاری ١٧٠١ی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وەستاندنی جەنگ لە دژی لوبنان و داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد فشار لە ئیسرائیل بکەن بۆ وەستاندنی جەنگ و داواشی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد بڕیارێک بۆ وەستاندنی جەنگ لە زووترین کاتدا لە لوبنان بدات و ئامادەن سوپای لوبنان لە باشوری وڵاتەکە جێگیر بکەن.