مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە درۆن ھێرشیانکردووەتە سەر ناوچەیەکی ئیسرائیل، بەڵام ھیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە درۆن ھێرشیانکردووەتە سەر شاری ئیلات لە ئیسرائیل. دەشڵێت، ئەو ھێرشە لە تۆڵەی بۆردومانکردنی غەززە و لوبنان بووە و بەردەوامیش دەبن لە بۆردومانکردنی ئیسرائیل.

ھاوکات، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بەرگری ئاسمانی دوو درۆنی تێکشکاندووە کە ئاڕاستەی ئیسرائیل کرابوون و ئەو ھێرشە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام ئاماژەی نەکردووە بەوەی کە ئەو درۆنانە لە کوێوە ئاڕاستە کراون.

ئەو ھێرشە لەکاتێکدایە کە رۆژی پێنجشەممە مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق رایگەیاند، بە درۆن دوو ھێرشیانکردووەتە سەر بەرزاییەکانی جۆلان لە ئیسرائیل.