زریانی میلتۆن گەیشتە ویلایەتی فلۆریدا، کە زریانێکی زۆر بەھێز و مەترسیدارە، جۆ بایدنیش ھۆشداری داوەتە دانیشتووانی ئەو ویلایەتە کە روبەڕووی خراپترین زریان دەبنەوە لە ماوەی سەدەیەکدا.

بەپێی ناوەندی ئەمریکی بۆ زریانەکان، ئەو زریانە بایەکی بەھێز و بارانی لەگەڵدایە و خێرایی باکەی گەیشتووەتە ٢٧٠ کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا. ئەمریکییەکانیش ئامادەکارییانکردووە و دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکانیان داپۆشیوە، درەخت سەر شەقامەکانیش خوار بوونەتەوە و دوکان و شوێنە گشتییەکانیش داخراون.

ھاوکات جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ھۆشداری دایە دانیشتووانی ئەو ناوچانەی فلۆریدا کە مەترسییان لەسەرە و رایگەیاند، روبەڕووی خراپترین زریان دەبنەوە لە ماوەی سەدەیەکدا. 

زریانی میلتۆن کوبا و نیمچە دورگەی "یوکاتان"ی لە مەکسیک گرتەوە، بەڵام ھیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە و تەنھا زیانی ماددی ھەبوو. 

پێش زریانی میلتۆن، زریانی ھێلین ویلایەتی فلۆریدای گرتەوە، کە بەھۆیەوە دەیان کەس گیانیانلەدەستدا و زیانیان بەرکەوت.