بڕیارە ئەمڕۆ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا پلانی ھێرشکردنە سەر ئێران تاوتوێ بکەن.

پێگەی ئێکسیۆس لە زاری سێ لێپرسراوی ئەمریکییەوە رایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ بایدن و ناتانیاھۆ پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجام بدەن و ئەگەر و پێشنیارەکان سەبارەت بە ھێرشکردنە سەر ئێران لە وەڵامی ئەو ھێرشانەی کردویەتییە سەر ئیسرائیل، باس بکەن. 

ئەو پێگەیە ئەوەشی بڵاوکردەوە، پێشبینی دەکرێت وەڵامەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران گەورە بێت و بۆردوومان بۆ سەر ئامانجی سەربازی و ھێرشی نھێنی ھاوشێوەی ھێرشکردنە سەر ئیسماعیل ھەنیە ، لەخۆبگرێت.

لای خۆشیەوە، پاتریک رایدەر وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دەڵێت، لەگەڵ لایەنی ئیسرائیلی ھەماھەنگی دەکەن بۆ وەڵامدانەوەی ئێران، بەڵام جەختیش دەکەنەوە لەوەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە ئاڵۆزی زیاتر بەدوور بگرن و دەڵێن دیبلۆماسیەت چارەسەری ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنانە.