محەمەد باقری سەرۆكی ئەرکانی گشتی هێزە چەكدارەكانی ئێران، لەدوای هێرشە مووشەكیەكەی وڵاتەكەی بۆ سەر ئیسرائیل لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند، وڵاتەكەی توانای ئەوەی هەبوو سەرجەم ژێرخانی ئابوری ئەو وڵاتە بكاتە ئامانج، بەڵام تەنها ئامانجە سەربازیەكانی ئیسرائیلیان كردووەتە ئامانج.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئەگەری هەر كاردانەوەیەك یاخود بە ئامانگجرتنی هەر پێگەیەكی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ناوچەكە، ئەوا وڵاتەكەی ئەمجارە بە هێرشێكی قورستر هەموو ژێرخانی ئابوری ئیسرائیل لە ناودەبات.

باقری راشیگەیاند، بە ٢٠٠ موشەكی بالیستی بەناوی فەتاح كە یەكەمینجارە وڵاتەكەی بەكاریدەهێنێت هێرشیانكردووەتە سەر ئیسرائیل، وتیشی، ٩٠٪ موشەكانیشیان بەسەرکەوتووی ئامانجەكانی لەناو خاكی ئیسرائیل پێكاوە.