فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە لە میانەی کۆبوونەوەی وەزاری لە نیویۆرک بە ناونیشانی رەوشی غەززە و جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەتی وەک ڕێگایەک بۆ ئاشتییەکی دادپەروەرانە و ھەمەلایەنە رایگەیاند، بە ھەوڵەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی، ھاوپەیمانیەکیان پێکھێنانەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین و چارەسەری دوو دەوڵەت لەنێوان فەڵەستین و ئیسرائیل.


وەزیری دەرەوەی سعودیە، ھەر لە کۆبوونەوەکەدا بانگھێشتی وڵاتانی دیکەشی کرد بۆ بەشداریکردن لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەو ھاوپەیمانیەتیە کە بڕیارە لە ریازی پایەتەختی سعودیە بەڕێوەبچێت.


راشیگەیاند، جەنگی غەززە کارەساتێکی مرۆیی لێکەوتووەتەوە، وتیشی، ئیسرائیل بە بیانوی بەرگریکردن لەخۆی، ناکرێت پاساو بۆ کوشتنی دەیان ھەزار ھاووڵاتی مەدەنی بھێنێتەوە.