سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، سیستمی بەرگری وڵاتەکەیان لە جۆری ئارۆ سەھم، بەرپەچی سێ مووشەکی بالیستی داوەتەوە لە جۆری ئەرز- ئەرز، کە لە لایەن حوسیەکانی یەمەنەوە ئاڕاستەی تەلئەبیب کراوە.


راشیگەیاند، موشەکەکان ھەر لە ئاسمانەوە تەقێندراوەنەتەوە و ھیچ زیانێکی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام لە کاتی ھەڵدانی مووشەکەکان زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ئیسرائیل لێدراوە، بەھۆیەوە زیاتر لە ١٥ کەس لە کاتی رۆیشتنیان بۆ حەشارگەکان بەھۆی شڵەژانیانەوە برینداربوون.


لە ماوەی سێ رۆژدا، ئەمە بۆ جاری دووەمە موشەکی بالیستی ئاڕاستەی تەلئەبیبی پایتەختی ئیسرائیل دەکرێت، رۆژی ٢٥ی مانگیش حزبوڵای لوبنان بۆ یەکەمینجار موشەکێکی بالستی لە جۆری قادر -١ رەوانەی ئیسرائیل کرد و بەھۆیەوە کەسێک برینداربوو.