نوسینگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کارنامەی دانیشتنێکی ئەنجومەنەکەی بڵاوکردووەتەوە کە بڕیارە رۆژی شەممە بەڕێوەبچێت و تایبەت دەبێت بە رەوشی ئێستای لوبنان و ھێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئەو وڵاتە.


بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکانیش، بەھۆی زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان حزبوڵای لوبنانی و ئیسرائیل، زۆربەی وڵاتانی جیھان و عەرەبی گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ لوبنان راگرتووە جگە لە عیراق و ئێران.


لەلایەکی تریشەوە حکومەتی بەریتانیا رایگەیاندووە، لەسەر بڕیاری سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە و بەھۆی مەترسییەکانی شەڕ لە لوبنان و فراوانبوونی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بە مەبەستی پاراستنیان ٧٠٠ سەربازی وڵاتەکەیان لە لوبنانەوە بۆ قوبرس گواستوەتەوە.