حوسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران، سەردانی پاکستانی کرد بەمەبەستی کۆتاییھێنان بە ناکۆکی نێوان ئەو دوو وڵاتە و لەگەڵ جەلیل عەباس گەیلانی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەدا کۆبوەوە و رێککەوتن لەسەر بەرەوپێشبردنی ئاسایشی نێوانیان و کۆتایھێنان بە ناکۆکیەکان.

گەیلانی وتی، پەیوەندی نێوان ئێران و پاکستان سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ سەقامگیری ناوچەکە و ھاریکاری ئەمنی و سیاسی زیاتر لەگەڵ تاراندا بەرەوپێش دەبەن. 

لەلای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ھیچ گومانێک لەوەدا نییە کە تیرۆرستانی سەر سنوری ئێران و پاکستان بە ھاوکاری وڵاتی سێیەم چالاکی ئەنجام دەدەن و لەگەڵ ئیسلام ئاباد ھەوڵی چارەسەری ئەو بابەتە دەدەن. 

ئێران لە ماوەی رابردوودا بە مووشەک خاکی پاکستانی کردە ئامانج، دوای کەمتر لە ٢٤ سەعات پاکستان بە توندی وەڵامی ئێرانی دایەوە و بە فڕۆکە و مووشەک ھێرشی کردەسەر ناوچەی بەلوچییەکان.