رەئیسی و ئەردۆغان دۆخی غەززە و پەیوەندییەکانی تاران و ئەنقەرەیان تاوتوێ دەکەن
کوردسات نیوز
٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤
٩٦١
دوای دوجار دواخستنی سەردانەکەی، ئیبراھیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران سەردانی ئەنقەرەی کرد و لە فڕۆکەخانەی ئەو شارە لەلایەن وەزیری وەرزش و لاوانی تورکیاوە پێشوازی لێکرا و دواتر گەیشتە کۆشکی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووە.
دوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانیان لەگەڵ رەئیسی شەڕ غەززە بووە و جەختیانکردووەتەوە لەسەر پێویستی کۆتایھێنان بەو شەڕە.
ئیبراھیم رەئیسی سەرۆک ۆماری ئێرانیش رایگەیاند، زیاتر لە ١٠٠ رۆژە ئیسرائیل ھێرش دەکاتە سەر غەززە و ئەوەی تائێستاش سەرکەوتوو بووە فەڵەستینە نەک ئیسرائیل.
بەپێی میدیاکانی تورکیاش، ئەردۆغان و رەئیسی لەبارەی دۆسیەکانی غەززە و پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات و رەوشی ناوچەکە گفتوگۆیان کردووە و کردنەوەی ژمارەیەک دەروازەی سنوری نوێشیان تاوتوێکردووە، بۆ ئەو مەبەستەش وەفدێکی باڵای بازرگانی ئێران ھاوڕێیەتی رەئیسی دەکەن.