بەشێک لە سەرۆک و نوێنەری وڵاتانی جیھان تەقینەوەکانی شاری کرمانی ئێران ئیدانە دەکەن
کوردسات نیوز
٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤
٨٢٨
دوا بە دوای دوو تەقینەوەی یەک لە دوای یەک لە نزیک گۆڕی قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە شاری کرمان، عەلی خامەنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران رایگەیاند، وەڵامی تەقینەوەکان قورس و یەکلایی کەرەوە دەبن و سزای توندی بەدواوە دەبێت، ئیبراھیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێرانیش دەڵێت، تەقینەوەکان کردەوەی تیرۆریستییە و وەڵامی توندیان دەبێت.
لەو چوارچێوەیەشدا ماتیۆ میللەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە ھیچ شێوەیەک پەیوەندییان بە تەقینەوەکانی ئێرانەوە نییە، ھیچ ھۆکارێکیش نییە، تا تەقینەوەکانی پارێزگای کرمانی ئێران بە ئیسرائیلەوە ببەسرێتەوە.
لای خۆشیەوە ھەروەھا سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی تەقینەوەکان دەکات و دەڵێت، دەبێت ئەنجامدەرانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە سزابدرێن.
وەزارەتی دەرەوەی سعودییە و قەتەریش ھاوشێوەی وڵاتانی تری جیھان ئیدانەی کردەوە تیرۆریستییەکانی شاری کرمان دەکەن.
ھاوکات نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، سەرکۆنەی ئەو تەقینەوە تیرۆرستییانە دەکات کە شاری کرمانیان لە ئێران بە ئامانج گرت.