بەیانی ئەمڕۆ، ئەو ئاگربەستەی لە رۆژی ٢٤ی مانگی رابردووەوە راگەیەندرا لەنێوان حکومەتی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس بۆ ئاڵوگۆڕی بارمتە و گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان، کۆتاییھات. 

لەگەڵ کۆتاییھاتنی ئاگربەستەکە، شەڕ لەنێوان ھەردوولا دەستیپێکردەوە  و سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، شەڕیان لەدژی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە دەستپێکردووەتەوە، چونکە حەماس مووشەکی ئاڕاستەی خاکی ئیسرائیل کردووە. 

میدیاکانی فەڵەستینیش بڵاویانکردووەتەوە، ئیسرائیل مووشەک و ھاوەن ئاڕاستەی ماڵی ھاووڵاتیان دەکات لە خۆرئاوای غەززە.

ئەگەرچی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تەلئەبیب داوایکردبوو ئەو ئاگربەستە درێژبکرێتەوە، بەڵام تا ئێستا ھیچ ئاماژەیەک بۆ درێژکردنەوەی یاخود راگەیاندنی ئاگربەستی نوێ نییە. 

ئەو ئاگربەستە کە ماوەی حەوت رۆژ بەردەوامبوو، ئاڵوگۆڕی دەیان بارمتەی لە بەرمبەر سەدان زیندانیکراوی فەڵەستینی لێکەوتەوە، ھەروەھا ئاسانکاری کرا بۆ گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە.