خانەوادەی نێرگز محەمەدی لە راگەیەنراوێکدا دەڵێن، نێرگز محەمەدی لە زیندانی ئێڤین دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە، بەرپرسیارێتی گیانیشی لە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.

ئاماژەیان بۆ ئەوەشکردووە، ئەو چالاکوانە لە زیندان بێبەشکراوە لە خزمەتگوزاری تەندروستی و پزیشکی، فشاریشی لێکراوە بۆ سەپاندنی پۆشینی حیجاب بەسەریدا.

لای خۆیەوە، "ریس ئاندرسۆن" سەرۆکی کۆمیتەی نۆبڵی نەرویژ رایگەیاند، زۆر نیگەرانن لە رەوشی نێرگز محەمەدی، سەپاندنی مەرجی پۆشینی حیجاب بەسەر ئەو ژنە بەندکراوانەی پێویستە بگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانە، کردەوەیەکی نامرۆڤانەیە.

نێرگز محەمەدی لە ٢١ی نیسانی ساڵی ١٩٧٢ لە ئێران لەدایکبووە، لەنێو ٢١٢ تاک و ٩٣ رێکخراو لە مانگی رابردوو بووە براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی. دووەم ژنی ئێران و ١٩یەمین ژنە لە مێژوودا کە دەبێتە براوەی ئەو خەڵاتە.

لە ئێران ١٣ جار دەستگیرکراوە و پێنج بڕیاری سزای بۆ دەرکراوە و سزای ٣١ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە، لە  ئێستاشدا لە زیندانییە و چەندین تۆمەتی ئاڕاستەکراوە.