بەپێی ئەو زانیارییانەی کە میدیا عەرەبییەکان لە زاری چەند سەرچاوەیەکی  دیبلۆماسییەوە بڵاویانکردووەتەوە، دەسەڵاتی فەڵەستین کە مەحمود عەباس سەرۆکایەتی دەکات پەیامێکی ئاراستەی کۆمەڵی نێودەوڵەتی کردووە و تیایدا داوایکردووە بە زوترین کات رێگری لە ھێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیل بکرێت بۆسەر کەرتی غەززە و کەناری خۆرئاوا، چونکە بەشێوەیەکی راستەوخۆ خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج.

ئاماژە بەوەشکراوە، دەسەڵاتی فەڵەستین لە پەیامەکەیدا بۆ کۆمەڵی نێودەوڵەتی باسی لەوە کردووە کە بەپێی ئامارەکان بەھۆی ھێرش و بۆردوومانە بەردەوامەکانی ئیسرائیلەوە لەکەرتی غەززە ھەر ١٥ دەقەیەک منداڵێک دەکوژرێت، کە ئەمەش کردەوەیەکی تیرۆریستییە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە بەرامبەر خەڵکی مەدەنی غەززە ئەنجام دەدرێت.