ھەفتەی رابردوو ئەنجومەنی ئاسایش دووجار کۆبووەوە بۆ بڕیاردان لەسەر دوو پرۆژەیەیاسا سەبارەت بە راگرتنی شەڕ لە غەززە کە لەلایەن روسیا و بەرازیلەوە پێشکەشی ئەنجومەنەکە کرابوو، بەڵام دەنگی پێویستیان بەدەستنەھێنا.

رۆژی چوارشەممە جارێکی دیکە ئەنجومەنی ئاسایش کۆبووەوە بۆ دەنگدان لەسەر ڕەشنووسێک سەبارەت بە ئیسرائیل و غەززەکە لە لایەن ئەمریکاوە پێشکەشکرابوو، بەڵام ھەر یەک لە مۆسکۆ و پەکین ئەو رەشنوسەیان رەتکردەوە بەھۆی بە کارھێنانی "مافی ڤیتۆوە" نەتوانرا پەسەند بکرێت.

ژانگ جون باڵیۆزی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند بڕگەکانی ڕەشنووسی بڕیارنامەی ئەمریکا غەززە دەخاتە ناو قەیرانێکی گەورەترەوە.

ھاوکات ڤاسیلی نەبێنزیا نوێنەری ھەمیشەیی ڕووسیا لە ئەنجومەنی ئاسایش رایگەیاند، ڕەشنووسی بڕیارنامەی ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایش کە مۆسکۆ و پەکین دژی بوون، ئامانج لێی پێدانی ماف بوو بە ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی زەمینی لە کەرتی غەززە و  ھۆشداریشیدا لە مەترسی فراوانبوونی ململانێکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.