ئەمریکا رێوشوێنی نوێ دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی بنکە سەربازییەکانی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست
کوردسات نیوز
٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣
١٬٠٣٣
جەنەڕاڵ مایکڵ ئێریک کوریلا سەرۆکی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، ئەمریکا نیگەرانە لە ھێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، سوپای ئەمریکا بڕیاریداوە پێداچوونەوە بە رێوشوێنەکانی بنکە سەربازییەکانی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و رێککاری نوێ بگرێتەبەر بۆ پاراستنی گیانی سەربازەکانی، لەوانە توندکردنەوەی رێوشوێنەکانی چوونە ناو بنکە سەربازییەکان، کۆکردنەوەی زانیاری ھەواڵگری لە رێگەی درۆن و بەھێزکردنی خاڵەکانی پاسەوانی بنکەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھێرشە ئاسمانییەکان.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە زاری چەند بەرپرسێکی کۆشکی سپییەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەمریکا پلانی بەپەلەی ھەیە بۆ گەڕاندنەوەی زیاتر لە ٦٠٠ ھەزار ھاوڵاتی ئەمریکی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لە ئەگەری زیادبوونی مەترسی بۆ سەریان.