رۆژی سێشەممە ١٧ی تشرینی یەکەم پەرلەمانی تورکیا کۆدەبێتەوە و یەکێک لە برگەکانی بەرنامەی کاریش یاداشتێکی سەرۆک کۆماری وڵاتەکەیە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی ھێزەکانی تورکیا لە عێراق و سوریا بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە.

ھەردوو فراکسیۆنی ئاکپارتی و مەھەپە کە زۆرینەی پەرلەمانی تورکیا پێکدەھێنن، پشتیوانی خۆیان بۆ یاداشتەکە راگەیاندووە، بەڵام پارتی گەلی کۆماری (جەھەپە) کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە دەڵێت، دەنگ  بە پێشنیازەکە نادات. 

٥ی ئەم مانگە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا داوای لە پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد کە مانەوەی ھێزەکانی تورکیا لە سوریا و عێراق بۆ دوو ساڵی دیکە درێژبکاتەوە، بەھۆکاری ئەوەی مەترسییەکانی سەر "ئاسایشی نیشتمانی تورکیا بەردەوامن".