ڤاگنەر جوڵەی ھیزەکانی بەرەو مۆسکۆ رادەگرێت
کوردسات نیوز
٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٣
٧٧٢
یاڤگینی پریگۆژین، فەرماندەی ھێزەکانی گروپی ڤاگنەر لە پەیامێکی دەنگیدا رایگەیاند، ھەرچەندە لەئێستادا ھێزەکەی ٢٠٠ کیلۆمەتر لە مۆسکۆوە دوورە، بەڵام بۆ ئەوەی رێگری لە خوێنڕشتن بکات، بڕیاریدا چەکدارەکانی بۆ سەنگەرەکانیان بگەڕێنێتەوە.
ھاوکات کۆشکی سەرۆکایەتی بێلاڕوسیش رایگەیاند، ئەلیکساندەر لۆکاشینکۆ، سەرۆکی وڵاتەکەیان لەگەڵ فەرماندەی ھێزەکانی ڤاگنەر رێککەوتن ئاگربەست لە روسیا رابگەیەنرێت و پێشڕەوی ڤاگنەر بەرەو مۆسکۆ رابگیرێت.
روداوەکانی روسیا جیھانی بەخۆیەوە سەرقاڵکرد و ھەریەک لە بەریتانیا، ئەمریکا، ئەڵمانیا، ئۆکراین و زۆرینەی وڵاتان پەیامیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن، داواشیان لە ھاوڵاتیانی خۆیان لەو وڵاتە کرد لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە.
پێشڕەوییەکانی ئەو گروپە سەربازییە گەیشتە چەند شارێکی نزیکی مۆسکۆ و بەرپرسانی خۆجێی شارەکانیش داوایان لە ھاوڵاتیانیان کرد لە ماڵەکانیان بمێننەوە.