یەڤگینی بریگوجین فەرماندەی گروپی ڤاگنەر لە پەیامێکی دەنگیدا لە تیلیگرام  رایگەیاند، سوپای روسیا بنکەی ھێزەکانیانی مووشەکبارانکردووەو ژمارەیەکی زۆری چەکداری کوژراون.

وتیشی، ھێرشەکە بە فەرمانی سێرگی شویگۆ  وەزیری بەرگری ئەنجامدراوەو دەبێت رابگیرێت ،داواشی لە سوپای روسیا کرد بەرەنگاری ھێزەکانی نەبنەوە.

فەرماندەی گروپی ڤاگنەر راشیگەیاندوە، ژمارەی چەکدارانی گروپەکەی دەگاتە ٢٥٠ ھەزار کەس و داوای لە ھاووڵاتیانی روسیاکرد پەیوەندی بە ریزەکانیانەوەبکەن، ھاوکات رەتیکردەوە پلانی ئەنجامدانی کودەتای ھەبێت.

لەبەرامبەریشدا وەزارەتی بەرگری روسیا تۆمەتەکانی رەتکردەوە. 

ھەروەھا ئاژانسی تاسی روسی بڵاویکردەوە، لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەسەر بانگەشە بۆ یاخیبون دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوەی لەدژی فەرماندەی گروپی واگنەر کردەوەو داوای لێکرد رەفتارە نایاساییەکانی رابگرێت.

ھاوکات کۆشکی کرملین بڵاویکردەوە،  رێکاری پێویست گیراوەتەبەر و پوتن ئاگاداری  پێشھاتەکانە سەبارەت بە گروپی واگنەر. 

گروپی واگنەر سیستمێکی روسیی نیچمە سەربازییەو لەلایەن حکومەتی روسیاوە لە ململانێ سەربازییەکاندا بەکاردەھێنرێت، واگنەر رۆڵێکی سەرەکی لە شەڕی ئۆکراین ھەیە و زۆرینەی ئەو پێشڕەوییانەی روسیا لە خاکی ئۆکرایندا کردوویەتی لە لایەن گروپی ڤاگنەرەوە بووە.