سەرچاوەکانی ھەواڵ ئاشکرایانکرد، لە نزیک شاری باڵاسور لە ویلایەتی ئۆدیشای ھیندستان، شەمەندەفەرێک لە رێڕەوی خۆی لایداوە و خۆی بە شەمەندەفەرێکی تردا کێشاوە.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لانی کەم ٥٠ کەس بەھۆی رووداوەکەوە گیانیان لەدەستداوە، بەڵام پێشبینی بەرزبوونەوەی ژمارەکە دەکرێت، ھەروەھا ٥٠٠ کەسی تریش بریندار بوون و رەوانە نەخۆشخانەکان کراون.

سەرجەم نەخۆشخانەکانی ئەو ناوچەی خراونەتە حاڵەتی ئامادە باشییەوە و زیاتر لە ٥٠٠ پۆلیس و کارمەندی فریاگوزاری و ٧٥ ئامبوڵانس رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراون.

لەبارەی رووداوەکەوە ناریندرا مودی، سەرۆک وەزیرانی ھیندستان، تویتێکی بڵاوکردەوە و ھاوخەمی بۆ کەسوکاری قوربانییەکان دەربڕی و ھیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست، ھەروەھا وتی، لەگەڵ وەزیری ھێڵی ئاسنین گفتوگۆ لەبارەی رەوشەکەوە دەکات.