ئاژانسی رەسمی کۆریای باکور بڵاویکردەوە، پیۆنگ یانگ مووشەکێکی تاقیکردەوە بە ناوی "شولیما_١" کە مانگێکی دەستکردی بۆ سیخوڕی و چاودێری سەربازی لەخۆدەگرت. راشیگەیاند، تاقیکردنەوەی مووشەکەکە شکستیھێناوە و بەھۆی کێشەی تەکنیکییەوە لە دەریای زەرد کەوتووەتەخوارەوە.

لە دوای ئەو تاقیکردنەوەیە، "ئادەم ھودج" وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەو ھەنگاوەی پیۆنگ یانگ پێشێلکارییەکی گەورەیە و ئاڵۆزییەکان و ناسەقامگیری ناوچەکە و دەرەوە زیاتر دەکات. وتیشی، "جۆ بایدن" سەرۆکی ئەمریکا و تیمی ئاسایشی نەتەوەیی، ھەڵسەنگاندن بۆ رەوشەکە دەکەن لەگەڵ ھاوپەیمانەکانیان.

ھاوکات "ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس" سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی ھەڵدانی مانگی دەستکردنی لەلایەن کۆریای باکورەوە کرد. حکومەتی ژاپۆنیش رایگەیاند، کۆریای باکور یاساکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشێل دەکات.

سوپای کۆریای باشوریش رایگەیاند، کاردەکەن لەسەر کۆکردنەوەی پارچەکانی ئەو مووشەکە لە دووری ٢٠٠ کیلۆمەتر لە خۆرئاوای دوورگەی "ئیوچیونگ".