وەزیری دەرەوەی ئێران: ھیچ خۆپیشاندەرێک لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە نەکوژراوە
شۆرش
٢ی ئازاری ٢٠٢٣
٦٧٦
حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سێ ئێن ئێن سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی چەند مانگی رابردووی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران رایگەیاند، خۆپیشاندانەکان سەرەتا ئاشتی ئامێز و ھێمنانە بوون، بەڵام بەھۆی دەستوەردانی وڵاتانی دەرەوە ئاڵۆزی تێکەوت و پەلیکێشا بۆ ئاژاوەگێڕی و توندوتێژی، وتیشی ژنان لە ئێران ئازادی تەواوەتیان لە چوارچێوەی یاسادا ھەیە، ئەو دەنگۆیانەی ئاماژە بە زەوتکردنی مافەکانیان دەکرێت، دوورن لە راستییەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران راشیگەیاند، لە خۆپیشاندانەکاندا پۆلیس و ھێزە ئەمنییەکان بڕیاری تەقەکردنیان پێنەبووە، ھیچ خۆپیشاندەرێک لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە نەکوژراوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە بەپێی ئەو گرتەڤیدیۆیانەی لە خۆپیشاندانەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکراوەنەتەوە، ھێزە ئەمنییەکان بە چەکی جۆراجۆر تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن و بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، نزیکەی ٥٣٠ خۆپیشاندەر کوژراون و بە ھەزارانی دیکەش برینداربوون.