کۆلن کال، بریکاری وەزارەتی بەرگری بۆ کاروباری سیاسی لە دانیشتنێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند، لە دوای کشانەوەی واشنتۆن لە رێککەوتنی ئەتۆمی، پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران زۆر پێشکەوتووە، بەشێوەیەک لە ساڵی ٢٠١٨ کە ئیدارەی پێشووی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیدا، ئێران پێویستی بە نزیکەی ١٢ مانگ ھەبوو بۆ بەرھەمھێنانی بۆمبی ئەتۆمی، بەڵام لەئێستادا تەنھا ١٢ رۆژی بۆ بەرھەمھێنانی بۆمبی ئەتۆمی پێویستە. 

ئەو لێپرسراوەی پنتاگۆن ئاماژەی بەوەشدا، روسیا فشار لەئێران ناکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئەتۆمی نوێ، ئەوەش بەھۆی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە لەدوای سەرھەڵدانی جەنگی ئۆکراینەوە. 

ئەو لێدوانەی پنتاگۆن، لەدوای راپۆرتێکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمەوە دێت، کە بە پێی ئەو بەڵگە و زانیارییانەی لەچەند سەرچاوەیەکی دیبلۆماتییەوە دەستیکەوتووە تەئکیدیکردەوە لەوەی، ئێران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندووەتە ٨٣.٧% و گەیشتنی رێژەکە بە ٩٠% بەسە بۆ ئەوەی بۆمبی ئەتۆمی بەرھەمبھێنێت.