نزیکەی سێ مانگە دیاردەی ژەھراویبوونی خوێندکاران لە خوێندنگاکانی قوم، تاران، چەند شارێکی تری ئێران سەریھەڵداوە و لە دوایین رووداویشدا ١٠٧ خوێندکاری خوێندنگایەکی دواناوەندی کچان لە شاری بروجێردی سەر بەپارێزگای لوڕستان ژەھراویبوون، رەوانەی نەخۆشخان کران.

رووداوەکان کاردانەوەی زۆری لە ناوخۆی ئێران لێکەوتووەتەوە، فاتمە مەقسودی، نوێنەری بروجێرد لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، چەند سەرەداوێکیان دەستکەوتووە کە ئاماژە بەوەدەکەن، رووداوەکە بە ئەنقەست بووە بەڵام تا کۆتاییھاتنی لێکۆڵینەوەکان قسەی زیاتر لەوبارەیەوە ناکەن.

پێشتریش یونس پەناھی، جێگیری وەزیری تەندروستی ئێران رایگەیاندبوو، رووداوەکان بە ئەنقەست روودەدەن، دەرکەوت کەسانێک دەیانەوێت خوێندنگاکان، بەتایبەتیش خوێندنگاکانی کچان دابخرێن. 

مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژ و وتارخوێنی سوننەکانی زاھیدانیش لە توێتێکدا بڵاویکردووەتەوە، ژەھراویکردنی خوێندکارانی کچ لە قوم، بروجێرد کارێکی دژە ئاینیی و دژە ئینسانییە، وەک تۆڵەکردنەوەیەک بۆ بەشداری کچان و ژنان لە خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییە ئەنجامدەدرێت، داواشیکردووە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بدۆزرێنەوە و سزابدرێن.