میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە، چەند رۆژێکە شەپۆلێکی بەفربارین و زریانی بەھێز ویلایەتەکانی کالیفۆرنیا، داکۆتا و چەند ویلایەتێکی تری گرتووەتەوە، بەوھۆیەوە نزیکەی پێنج ھەزار گەشتی ئاسمانی ھەڵوەشێنراونەتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە چەند سەعاتی داھاتوو، ئاستی بەفربارین لە چەند ناوچەیەکی باکوری ئەمریکا، دەگاتە ٦٠ سانتیمەتر، ئەوەش لە سێ دەیەی رابردوودا بێ وێنە بووە.

ھاوکات کەشناسی ئەمریکا پێشبینی کردووە، لە ھەندێک شوێن خێرایی زریانەکە دەگاتە ٨٠  کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا، ئەوەش پلەی گەرما بۆ ٤٥ پلە ژێر سفر دادەبەزێنێت.

بە پێچەوانەشەوە لە ھەندێک لە ویلایەتەکان کەشوھەوا ئاساییە، پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە بەشێوەیەک لە واشنتۆنی پایتەخت، پلەی گەرما لەمکاتەدا دەگاتە ٢٦ پلەی سیلیزی، ئەوەش لە کاتێکدایە لە ساڵی ١٨٧٤وە تا ئێستا، واشنتۆن گەرمای لەو شێوەیەی لە وەرزی زستاندا بەخۆیەوە نەبینیوە.