ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز لەزاری دوو سەرچاوەی ئاگادار بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا کە لە برۆکسڵ بەڕێودەچێت، پرسی بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران و سەپاندنی سزا بەسەر ٣٧ کەسایەتی و قەوارەی ئێران تاوتوێ دەکرێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، بڕیارە یەکێتی ئەوروپا تاوتوێی ئەوە بکات کە سەرجەم پارە بلۆکە کراوەکانی روسیا لە بانکە نێودەوڵەتییەکان بداتە ئۆکراین.

١٩ی ئەم مانگە پەرلەمانی ئەوروپا داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد، سوپای پاسداران بخاتە ناو لیستی تیرۆرەوە، ئەوەش ناڕەزایەتی لێپرسراوانی ئێرانی لێکەوتەوە و رایانگەیاند، لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە وەڵامی گونجاو و یەکلاکەرەوەیان دەبێت و لە پەیاننامەی رێگری لە بڵاوکردنەوەی چەکە ئەتۆمییەکان دەکشێنەوە.

جۆزێپ بۆرێل لێپرسراوی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپاش رایگەیاند، بۆ ئەوەی سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆرەوە، پێویستە یەکێک لە ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا سکاڵا لە دادگای نێودەوڵەتی دژی سوپای پاسداران تۆمار بکات.