لە ئەمریکا و کەنەدا بەھۆی بەفربارینەوە نزیکەی ١٠ ھەزار گەشتی ئاسمانی ھەڵوەشێنرانەوە
٢٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
٣٦٠
میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردووەتەوە، شەپۆلێکی بەھێزی بەفربارین زۆربەی ویلایەت و شارەکانی ئەمریکای گرتووەتەوە و لە ویلایەتەکانی شیکاگۆ و ئۆکلاھۆما و ئۆھایۆ و کنتاکی و میسوری و کانساس چەندین رووداوی ھاتوچۆ تۆمارکراون و بەھۆیانەوە ١٠ کەس گیانیان لەدەستداوە، ئاماژەیان بەوەشکردووە، ھەر بەھۆی بەفربارینەوە لە ٢٤ سەعاتی رابردوو لە ئەمریکا ٥ ھەزار و ٧٠٠ گەشتی ئاسمانی ھەڵوەشێنراونەتەوە.
میدیاکانی کەنەداش ئاماژەیان بەوە کردووە، لە شارەکانی ئۆنتاریۆ و کیبیک و ئۆتاوا و تۆرینتۆی بەفرێکی زۆر باریووە و بووەتە ھۆی راگرتنی خوێندن و دەوامی فەرمانگە حکومییەکان و داخستنی زۆربەی رێگە سەرەکییەکان لەگەڵ ھەڵوەشاندنەوەی زیاتر لە چوار ھەزار گەشتی ئاسمانی.