رێکخراوێکی نێودەوڵەتی: حەوت ھەزار منداڵ لە کەمپەکانی باکور و خۆرھەڵاتی سوریا لە مەترسیدان
لاڤە
٢٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
٤٦١
ئەو رێکخراوە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، حەوت ھەزار منداڵی بیانی لە کەمپەکانی باکور و خۆرھەڵاتی سوریا گیریان خواردووە و رۆژانە روبەڕووی دەستدرێژی و توندوتیژی دەبنەوە، داواشی لە وڵاتان کرد پەلە بکەن لە وەرگرتنەوەیان.
بەپێی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە تەنھا لە کەمپی ھۆڵ ٥٦ ھەزار کەس ھەیە، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن و لەنێویاندا زیاتر لە ١٠ ھەزار خێزانی داعشە بیانییەکان ھەیە، لە ساڵی ٢٠١٩ەوە تائێستا، ھەزار و ٤٦٤ ژن و منداڵ لەو کەمپە لەلایەن وڵاتەکانیانەوە وەرگیراونەتەوە. بە تەنھاش لەمساڵدا ٥١٧ ژن و منداڵ وەرگیراونەتەوە کە بە ژمارەیەکی پێوانەیی دادەنرێت.
چەندین ساڵیشە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و خۆرھەڵاتی سوریا داوا لە وڵاتان دەکات، ھاووڵاتیانیان لە کەمپی ھۆڵ و رۆژ لە پارێزگای حەسەکە وەربگرنەوە.