کۆچی نێودەوڵەتی: بەھۆی وشکەساڵییەوە زیاتر لە ١٠ ھەزار خێزان لە عێراق کۆچیان کردووە
لاڤە
٢٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
٥٧٦
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، وشکەساڵی و گۆڕانکارییەکانی کەش و ھەوا رێژەی کۆچکردنی لە عێراق زیادکردووە، بەشێوەیەک نزیکەی ١٠ ھەزار و ٤٦٤ خێزان لە ١٠ پارێزگای باشور و ناوەڕاستی عێراقەوە کۆچیان کردووە.
بە پێی توێژینەوەیەکیش کە رێکخراوەکە ئەنجامیداوە، زیاتر لە نیوەی ئەو خێزانانەی لە بەسرە کۆچیان کردووە رایانگەیاندووە، ناتوانن خۆراک و پێداویستی سەرەکییان دابینبکەن، ٥٣٪ی ئەو خێزانانەش گرەنتی داراییان نییە.
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی راشیگەیاندووە، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٨ەوە چاودێری دیاردەی کۆچ بەھۆی وشکەساڵییەوە لە عێراق دەکەن، وشکبوونەوە و کەمئاوی و زیادبوونی سوێری رووبارەکانیش کاریگەرییان لەسەر کەرتی کشتوکاڵی عێراق زۆر زیاتر دەبێت.