ئەمریکا و یونامی و ئەڵمانیا و ھۆڵەندا و بەریتانیا بۆردومانەکەی ئێران ئیدانە دەکەن
لاڤە
٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
٢٨٢
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق یۆنامی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دەبێت ئەو بۆردومانە دووبارانە رابگیرێن کە پێشێلکارین بۆ سەر سەروەری عێراق، ئەو جۆرە بۆردومانانەش تەنھا ئاڵۆزییەکان زیاتردەکات و کارەساتی لێدەکەوێتەوە. یونامی دەڵێت، رێگەی دیبلۆماسی تاکە رێگەیە بۆ بەرەوپێشچوون و چارەسەر.
ھاوکات، ژەنەراڵ "مایکل ئیریک کوریلا" فەرماندەیی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئیدانەی بۆردومانە ھەڕەمەکی و نایاساییەکانی ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان دەکەن، کە سەقامگیری عێراق و خۆرھەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە مەترسییەوە، کە بەئەستەم ئەو سەقامگیرییە بەدەستھاتووە. راشیگەیاند، ئەو بۆردومانانە ژیانی مەدەنییەکان دەخاتە مەترسییەوە و پێشێلکارییە بۆ سەر سەروەری عێراق.
کونسوڵخانەی ھۆڵەنداش لە ھەرێم سەرباری ئیدانەکردنی بۆردومانەکە، پشتیوانی داواکارییەکانی بۆ رێزگرتن لە یەکپارچەیی خاکی عێراق دەربڕی و داوایکرد ئەم پەرەسەندنی توندوتیژییە لە ھەرێم رابگیرێت.
کونسوڵخانەی ئەڵمانیاش لە ھەرێم ئاماژەی بەوەدا، ھێرشەکە پێشێلکاری زەقی یەکپارچەیی خاک و سەروەری عێراقن و داوا لە ئێران دەکەن رایبگرێت.
ھاوکات "دەیڤد ھەنت" کونسڵی گشتی بەریتانیاش لە ھەرێم وتی، بەریتانیا بەرامبەر ئەو ھێرشە بێ پاساوە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەوەستێت.